|
به له‌گۆڕ نانی كۆماری ئیسلامی،
مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژنان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین
كۆمه‌ڵێك له هه‌ڵسووڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی ژنان رێكه‌وتی ٢٨ی
به‌فرانبار به‌یانییه‌یه‌كی پێنج ماده‌ییان به مه‌به‌ستی ده‌رباز
بوون له "قه‌یران" بڵاو كرده‌وه. له‌م به‌یانیه دا وێڕای
ئاماژه به به‌یانییه‌ی پێنج ماده‌یی رێبه‌رانی "سه‌وز" بۆ
زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یران و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی ئاراسته كردنی
كۆمه‌ڵێك ره‌خنه له‌بابه‌ت كه‌مته‌رخه‌می ئه‌وان سه‌باره‌ت به
مه‌سه‌له‌ی ژنان و راه‌بۆچوونی هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌وان هاتووه:
" له‌م ناوه دا ئه‌وه‌یكه كه‌متر ئاماژه‌ی پێده‌كرێت، هه‌ڵوێست و
راوبۆچوونی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه نه خوازیاری گۆڕینی سه‌رۆك كۆمار
و جێگۆڕكێی ئه‌م یان ئه‌و كه‌س و یان به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی "سنووری
ده‌سه‌ڵاتی رێبه‌ریین، به‌ڵكوو باس له ئاڵ و گۆڕی بنه‌ڕه‌تی
ده‌كه‌ن".
ئه‌وان له درێژه‌ی به‌یانیه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن: " ئێمه له‌سه‌ر
ئه‌و باوه‌ڕه‌ین كه مه‌سه‌له‌ی ژنان، به‌شێكی به‌رچاوه له‌م
"قه‌یرانه"ی ئێستا و به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه و
دۆزینه‌وه‌ی رێگایه‌كی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی، هیچ رێگا
چاره‌یه‌كی دیكه ناتوانێت وڵام ده‌ره‌وه بێت."
ئه‌وان دوای ئه‌م پێشه‌كیه، بابه‌ته‌كانی خۆیان له پێنج ماده‌دا
به‌مجۆره راده‌گه‌یه‌نن:
١ــــ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی یاساكانی دژ به ژن و له‌وانه:
یاساكانی پێوه‌ندیدار به ئیزدواج، ته‌ڵاق، چه‌ند هاوسه‌ری،
سه‌رپه‌رشتی منداڵ، میرات، شایه‌تیدان و هیتر...
٢ــــ به ره‌سمی ناسینی مافی ژن له پێوه‌ند له‌گه‌ڵ جه‌سته و
بیر و زێهنی خۆی؛ كه بریتیه له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیجابی زۆره
ملی و مافی ئازادی جل و به‌رگ، ئازادی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و
ئازادی هه‌ڵبژاردنی مه‌یلی جنسی.
٣ــــ نه‌هێشتنی توند و تیژی له دژی ژنان له هه‌موو بواره خسوسی
و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌روه‌ها به تاوان له‌قه‌ڵه‌مدانی
ئه‌زیه‌ت و ئازاری جنسی كچان و قه‌تڵ و توند و تیژی "نامووسی".
٤ــــ جیایی دین له ده‌وڵه‌ت
٥ــــ محاكه‌مه‌ی سه‌رجه‌م بڕیارده‌ران و به‌ڕێوه‌به‌رانی
جنایه‌ته‌كانی سێ ده‌یه‌ی رابردوو.
له كۆی ئه‌م پێنج ماده‌یه، سێ ماده‌یان لانیكه‌مێكی له
مافه‌كانی ژنان له‌خۆ گرتووه. به‌ڵام دوو ماده‌كه‌ی دواتر هه‌ندێك
گشتی ترن. به‌م حاڵه‌شه‌وه ته‌واوی ئه‌م ویست و داخوازیانه شیاوی
پشتگیری و پشتیوانی لێكردنن. به‌ڵام به‌بێ له‌گۆڕنانی ده‌سه‌ڵاتی
كۆماری ئیسلامی و سه‌رجه‌م ده‌ست و پێوه‌نده دوور و نزیكه‌كانی
ئه‌و له‌وانه "سه‌وزه‌كان"، هیچكام له‌و ویست و داخوازیانه
ده‌سته‌به‌ر نابن. هیچ گومانێك له‌وه دا نییه كه كۆماری
ئیسلامی، حكومه‌تێكی ئیدئۆلۆژیكه. به پێی ئه‌و ئایه‌ت و
حه‌دیسانه‌ی كه به‌ردی بناغی سه‌رجه‌م یاساكان، سیاسه‌ته‌كان،
سوننه‌ته‌كان، ئه‌خلاقیات و ته‌نانه‌ت ته‌واوه‌تی پێكهاته‌كانی
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م رژیمه‌ن، ژن به مڵكی پیاو و دایكی منداڵه‌كانی و
له یه‌ك كه‌لام دا به خزمه‌تكاری پیاو دێته ئه‌ژمار. هه‌موو تار
و پۆی ئه‌م رژیمه له‌گه‌ڵ پێاو سالاریه‌كی قووڵ و به ته‌واو مانا
دا ته‌ندراوه. ئایا ده‌كرێت یاساگه‌لێكی سه‌رچاوه گرتوو له
ئایات و حه‌دیسی پیاوسالارانه به‌بێ رووخان و له‌گۆڕنانی كۆماری
ئیسلامی بگۆڕدرێت؟ ئایا ده‌كرێت له رێبه‌رانی "سه‌وز" كه
ریشه‌یان هه‌ر له‌م باوه‌ڕ و سوننه‌ته دواكه‌وتووانه‌دایه و تا
چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌شێك بوون له رێبه‌ران و كاربه‌ده‌ستانی
ئه‌م رژیمه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكرێت كه ئه‌م ویست و
داخوازییانه له به‌یانییه‌كه‌ی خۆیان دا بگونجێنن؟ ئایا له
ئه‌گه‌ری پاراستن و مانه‌وه‌ی ئه‌م نیزامه‌دا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه
ده‌كرێت كه توندوتیژی له‌دژی ژنان بنبڕ بكرێت؟ روون و ئاشكرایه
كه وڵامی هه‌مووی ئه‌م پرسیارانه مه‌نفییه.
ئه‌م به‌یانییه‌یه مۆركی هاوسه‌نگی هێزی ئێستای پێوه‌یه و بۆ
ئه‌و هه‌ڵسووڕاوانه‌ی كه له ناوه‌وه‌ی ئێران ژیان به‌سه‌ر
ده‌به‌ن زۆر بێ باكانه و چاونه‌ترسانه نووسراوه. نووسه‌رانی
به‌یانییه‌كه به دروستی ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه ریشه‌كانی
قه‌یران گه‌لێك قووڵتر له‌وه‌یه كه رێبه‌رانی "سه‌وز" باسیان
لێكردووه، ئه‌وان به دروست وتوویانه كه رێبه‌رانی سه‌وز دوای
هه‌ڵبژاردن و له‌و كاته‌وه كه پێویستیان به ده‌نگه‌كانیان
نه‌ماوه، ئیتر هیچ سه‌رنجێكیشیان نه‌داوه‌ته ویست و
داخوازییه‌كانی ژنان و ده‌ڵێن كه هه‌ڵبه‌ت چاوه‌ڕوانییه‌كی له‌وه
زیاتریشیان نه‌بووه. به سه‌رنجدان به‌م چه‌ند خاڵه، ئه‌و
پرسیاره دێته گۆڕێ كه ئایا به‌رده‌نگی ئه‌م به‌یانییه‌یه چ
كه‌سانێكن؟ به واتایه‌كی دیكه ئه‌م به‌یانییه‌یه رووی له چ
كه‌سانێكه و به پاڵپشتی هێزی كام چین و توێژی كۆمه‌ڵگا ده‌توانن
ئه‌م داواكارییانه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن؟ به ڕواڵه‌ت وا
ده‌رده‌كه‌وێت كه ده‌بێ ئه‌م به‌یانییه‌یه رووی له‌و لایه‌نه
بێت كه خوازیاری رووخانی رژیمن، به‌ڵام خودی نووسه‌رانی
به‌یانییه‌كه وتوویانه كه نایانه‌وێت هیچ ئاڵ و گۆڕێكی چكۆله
یان گشتی له پێكهاته‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستادا پێك بێنن. كه
ئه‌مه جۆرێك جیاوازی و ناكۆكییه له ناوه‌ڕۆكی به‌یانییه‌كه‌دا.
ئێمه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌م جیاوازی و ناكۆكییه، ئه‌م واقعیه‌ته
وه‌بیر دێنینه‌وه كه وه‌دیهاتنی لانیكه‌می مافی ژنان به‌بێ
ده‌ستدرێژی بۆسه‌ر سه‌رمایه‌داری ئیمكانی نییه و هه‌روه‌ها دابین
كردنی زۆربه‌ی مافه‌كانی ژنان و گه‌یشتن به یه‌كسانی واقعی
له‌گه‌ڵ پیاوان، به‌بێ دامه‌زراندن و هاتنه سه‌ركاری حكومه‌تێكی
سوسیالیستی و شۆڕایی مسۆگه‌ر نابێت. له‌م رووه‌وه بزوتنه‌وه‌ی
ژنان پێویسته پشتیوان و یه‌كگرتووی ئه‌سڵی خۆیان له ناو
بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری و سوسیالیسته‌كان دا بدۆزنه‌وه. هاوكات
ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت كه به‌ده‌ست هێنانی لانیكه‌می مافه‌كانی
ژنانیش هه‌ر له هاوپشتی و هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری
به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی تر و په‌یگیرانه‌تر ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت.
تا كاتێك كه
هه‌ڵسووڕاوانی ژنان به‌و واقعییه‌ته نه‌گه‌ن كه ویست و
داخوازییه‌كانیان به چ شكڵ و شێوازێك و به پاڵپشتی چ هێزێك دێته
دی، وه‌ك ده‌ڵێن بزمار سه‌راوبن له ته‌خته ده‌ده‌ن و نه‌تیجه‌ی
هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانێكیان به با ده‌ڕوات. ئه‌وان بێگومان
له‌گه‌ڵ ئێمه هاوڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یكه ئه‌و داخوازییانه‌ی كه
له به‌یانییه‌كه‌دا هاتوون به پاڕانه‌وه نایه‌نه دی. ئه‌گه‌ر
كه‌سێك به‌م ته‌وه‌هوم و خۆشباوه‌ڕییه‌وه بێته مه‌یدان كه
گوایه به بێ رووخاندنی كۆماری ئیسلامی ده‌كرێت لانیكه‌می ماف و
ویست و داخوازییه‌كانیان بێته دی، یه‌كه‌م شتێك كه له‌ده‌ستی
ده‌دات، بریتیه له پشتگیری و پشتیوانی كۆمه‌ڵانی به‌رینی ژنان و
ئینسانه ئازادیخوازه‌كان. ئه‌مه واقعیه‌تێكه كه بۆ
بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ژێر رێبه‌رایه‌تی لیبڕاڵه‌كان رووی داوه.
بزووتنه‌وه‌ی ژنان پاش بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری خاوه‌نی زۆرترین بواری
عه‌ینیه بۆ ئه‌وه‌یكه جه‌ماوه‌ری ببێته‌وه. بۆ راكێشان و نزیك
كردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره له ژنان و كچانی خه‌باتكار كه له
خه‌بات و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ئه‌م دواییانه‌دا گه‌لێك جه‌ساره‌ت و
چاونه‌ترسی و كارلێهاتوویی دره‌وشاوه‌یان له‌خۆیان نیشان دا،
پێویسته به‌بێ هیچ ته‌وه‌هوم و خۆشباوه‌ڕییه‌ك به لێبڕاڵه‌كان و
هه‌روه‌ها به گرتنه‌به‌ری ستراتێژ و تاكتیكی دروست بێنه مه‌یدان
و شان به شانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی خه‌باتكار له پێناو له گوڕنانی
كۆماری ئیسلامی و بنیات نانی حكومه‌تێكی شۆڕایی له‌سه‌ر
وێرانه‌كانی ئه‌و، تێبكۆشن. حكومه‌تێك كه وێڕای نه‌هێشتن و
سڕینه‌وه‌ی هه‌ر جۆره هه‌ڵاواردن و نابه‌رابه‌رییه‌ك، بۆ رزگاری
به ته‌واو مانای ئینسان و له‌وانه جه‌ماوه‌ری سته‌م دیتووی ژنان،
رادیكاڵترین پلان و نه‌خشه عه‌مه‌ل بنێته ده‌ستووری كاری
خۆیه‌وه و چالاكانه بۆ به ئه‌نجام گه‌یاندنیان تێبكۆشێت.
وتارێك له ته‌له‌ویزیونی كۆمه‌ڵه
30
به‌فرانباری 1388
20
ژانویه
2010
سایتی حزبی
كمونیستی ئێران
http://www.cpiran.org
سایتی
کومه له
http://www.komalah.org
سایتی
په‌یام
http://www.payam.nu/indexkurdi.htm
|