www.payam.nu

 

قاله‌مه‌ڕه، سۆزێك له ره‌نگی خه‌ڵك

ن: ناسر حه‌ق په‌ره‌ست

 

به‌داخه‌وه، هونه‌رمه‌ندی به هه‌ست و خوشه‌ویستی خه‌ڵكی كوردستان، شمشاڵژه‌نی به سۆز و بێ وێنه(قادرعهبدوڵازاده)ناسراو به قاله‌مه‌ڕه شه‌وی 1ی مانگی جۆزه‌ردانی 1388ی هه‌تاوی له ماڵه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵكه‌وتوو له شه‌قامی هێمنی شاری بۆكان له پاش نه‌خۆشێكی درێژخایه‌ن له ته‌مه‌نی 84 ساڵی دا چاوه‌كانی بۆ هه‌میشه لێكنا و زایه‌ڵه‌ی پڕ بیره‌وه‌ری شمشاڵه‌كه‌ی به یادگاری له پاش خۆی به جێ هێشت.

له سه‌ر داوی پێشوتری خۆی، ته‌رمه‌كه‌ی له ته‌نیشت گڵكۆی هونه‌رمه‌ند(حه‌سه‌ن زیره‌ك)به خاك سپێردرا. جه‌ماوه‌رێكی به‌رین له دۆستان، ئاشنایان، خه‌ڵكی بۆكان و شاره‌كانی تری كوردستان له ناو ئاپۆره‌ی خه‌م و په‌ژاره‌دا به‌شداریی مه‌راسیمی به خاكسپاری قاله‌مه‌ڕه بوون. قاله‌مه‌ڕه له ساڵی 1304 هه‌تاویی به‌رامبه‌ر به 1925 زایینی  له ئاوایی كولیجهی سه‌ر به شاری بۆكان چاوی به ژین پشكوت. باوكی خۆی نه‌دیت و له ته‌مه‌نی 6 ساڵیش‌دا شاهیدی مه‌رگی دایكی بوو. له 11 ساڵییه‌وه ده‌ستی به ژه‌نینی شمشاڵ كرد كه هه‌ڵبه‌ت ئه‌م ئامێره مۆسیقاییهله ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یاندا باوبوو.

مامه قاله به هۆی بارودۆخی خراپی ئابوری بنه‌ماڵه‌كه‌ی هه‌ر له ته‌مه‌نێكی گه‌لێك كه‌مه‌وه چووه ناو ژیانی هه‌ژارانه و زه‌حمه‌ت و كوێره‌وه‌ری رۆژگاری ئه‌سته‌می سه‌رده‌می خۆی. مامه قاله پڕ به په‌نجه خۆشنهغمهكانی، سه‌ردی و گه‌رمی رۆژگاری چه‌شت و هه‌ستی به دڕكه جاڕ و شه‌خته و به‌سته‌ڵه‌ك كرد. مامه‌قاله ئاڵهكۆكی ژین به‌ده‌م بوو له كه‌نار ڕندووی زه‌مانه‌دا. ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانی ژیان هیچكات كۆڵی پێنه‌دا و نه‌یتوانی هه‌ست و هه‌ڵوێستی سه‌ركه‌شی مامه قاله ده‌سته‌مۆ بكات. ئازاره‌كانی ژیانی خۆی به نووكی په‌نجه‌كانی هۆنیه‌وه و كردنیه ملوانكه‌یه‌ك له ره‌نگی نۆته‌و له گه‌روی شمشاڵه دڵگرهكهی دا، خستنیه بزووتنهوهێكی ئه‌به‌دی و ئاوێزانی گه‌ردنی ئه‌ستێره‌كانی كردن. قاله مه‌ڕه به درێژایی ژیانی پڕ به‌هره‌ی خۆی هیچكات له هه‌وڵی باڵانشینی و خۆ به دورگرتن له ره‌وتی ژیانی حه‌قیقی خۆی نه‌بوو. هیچكات سوناتای شمشاڵه‌كه‌ی به گه‌روی ترێبونه تاریكه‌كاندا نه‌كرد وئاراسته‌ی ژه‌نینی نه‌گۆڕا. مه‌لێكی خۆشخوێنی شه‌یدای سه‌حه‌ر بوو. هونه‌ره‌كه‌ی روه‌و ئاسۆ ده‌ژه‌نی و روه‌و ئاسۆ ده‌ژیا. له خه‌ڵك و بۆ خه‌ڵك بوو. هونه‌ره‌كه‌ی له كاڵا بوون بۆ پشت مێز و مۆبڵه رازاوه و تهشریفاتیهكان پاراست  و تا توانی دووری كرده‌وه. بردیه ناو كوچه و كۆڵان و شه‌قامه سارده كانی شاره دڵتهنگهكانی كوردستان. ئه‌و هه‌میشه بۆ جه‌ماوه‌ری ساده و ساكاری ده‌ورو پشتی خۆی، ژه‌نی و ژیا، هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ریش بژیوییهكی پێویست بوو، هه‌ر چاوی له هاریكاری هاوجۆره‌كانی خۆی بوو.

هه‌ر كاتێك له خیابانی كۆن، قه‌پان و پاركی ساحل .... مرۆڤ ده‌نگی شمشالهكهی مامه قاله‌ی ده‌بیست، زه‌حمه‌ت بوو بتوانێ خۆی له‌و هونه‌ره گه‌وره و له هه‌مانكاتدا ساده و بێ ئالایشه ببوێرێ و به هاسانی گوزه‌ر بكات. له هه‌ر گۆشه‌یه‌ك كه لێوی پڕ له راز و ئه‌نگوستی پر له نۆته و شمشاڵه زێڕینه‌كه‌ی مامه قاله ده‌هاته ده‌نگ و بزووتن، نیگاكان له پیاده‌ره‌و و شه‌قامه‌كان ده‌وه‌ستاو دهئاڵایه ده‌وری ده‌راوی روون و بلورینی سۆناتاییهكی به‌سۆز و وچانیان ده‌گرت. پێویسته ته‌ئكید له سه‌ر ئه‌وه بكرێته‌وه كه قاله‌مه‌ڕه وه‌ك تاكێكی نارازی دژ به زوڵم و چه‌وساندنه‌وه و داگیر كاری، هه‌میشه خۆی به هاوریزی بزوتنه‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی كوردستان زانی و نه‌غمه‌ی شمشاڵه‌كه‌ی هه‌میشه گوزارشت بوو له ناخی پر له داخ و ئاره‌زووی ئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر چی ره‌نگه ئێستا ئیتر نه‌توانین مامه قاله له ناو كۆڵان و شه‌قامی شاره‌كه‌ی دا به‌دی بكه‌ین، به‌ڵام زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی بلاوێن و دڵگری شمشاڵه‌كه‌ی له دڵی خه‌ڵكی كوردستان دا وه‌ها له‌نگه‌رێكی گرتووه كه هیچكات ڕێز و خۆشه‌ویستی ئه‌و ئازیزه فه‌رامۆش ناكه‌ین.

٭٭٭