|
توند‌و تیژی
به‌رامبه‌ر به ژنان
توندوتیژی
كه له كۆمه‌ڵگا سوننه‌تییه‌كاندا ره‌واجی زۆرتره، له
یه‌كه‌مین هه‌نگاودا ژنان ئه‌داته به‌ر په‌لاماری خۆی، له سه‌ر
بنه‌مای پیاوسالاری دامه‌زراوه. توندوتیژی و هێرش كردنه سه‌ر
ژنان، ره‌گه‌ز، ئایین، نه‌ته‌وه، بیروباوه‌ڕ، ته‌مه‌ن و
ئایدیولۆژی و چین و توێژ ناناسێت و له سنوور و وڵاتی تایبه‌ت
تێپه‌ڕ ده‌بێت و له هه‌موو جێگایه‌ك به شێوه‌ی جۆراوجۆر به كار
ده‌بردرێت. بنه‌ڕه‌تی ئه‌م ره‌فتاره نامرۆڤانه ده‌رحه‌ق به
نیوه‌ی كومه‌ڵگای ئینسانی دیارده‌ی "پیاوسالارییه" كه ژن به
مڵكی پیاو پێناسه ده‌كات. له‌م
جۆره كۆمه‌ڵگایانه‌دا پیاو وه‌ك یه‌ك مه‌جموعه ده‌ستی باڵای
هه‌یه و ژنیش وه‌ك ژێرمه‌جموعه‌یه‌كی پله دوو سه‌یری ده‌كرێت و
به‌رپرسایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتیش له سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌م دابه‌ش كردن و
لێكدانه‌وه نابه‌رابه‌ره، مانایی پێ ده‌به‌خشرێت. ناڕه‌واتر
ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سیستمه و ئه‌م فه‌رهه‌نگه به‌رده‌وام بۆ
شاردنه‌وه‌ی زوڵمی پیاوان پاساوی جۆراوجۆر دێنێته‌وه و دڕنده‌یی و
سه‌ركوتی ژن له لایه‌ن پیاوه‌كه‌یه‌وه به نیشانه‌ی خوشه‌ویستی
زۆری پیاو به‌رامبه‌ر به هاوسه‌ره‌كه‌ری ده‌زاندرێت و لێدان به
پێوانه‌ی وه‌فا و به‌ده‌ربه‌ست بوونی پیاو له قه‌ڵه‌م ده‌درێت
یان ده‌وترێت كه قودره‌ت نواندن واته زه‌بر و زه‌نگ بۆ پیاو به
هۆی هۆرمۆن و فیزیكی جیاوازه‌وه له زومره‌ی نیازی سروشتی پیاوه
و له راستیدا لێدان له‌م رێگایه‌وه بۆ نێرینه پاساو ده‌كرێت و
به‌م جۆره نهادینه كراوه. له‌وه‌ش خراپتر له وڵاتانێك كه
قانون و یاسای به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا له سه‌ر ئایین و نه‌ریتی
شه‌رعی دانراوه، وه‌ك ئێران، گوێ رایه‌ڵی ژن بۆ پیاو ده‌بێته
قانوونی پیرۆز. به‌ڵام له راستی دا زوڵم له ژن و له‌وانه
توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ره‌گه‌زی مێ پێوه‌ندی قووڵتری به
نه‌ریت و عورفی "پیاو سالاری"یه‌وه هه‌یه تا "شه‌رع". ئه‌گه‌ر
چی ئایین ئه‌م كۆت و به‌ندانه چڕوپڕتر ده‌كات و هه‌روه‌ها به
نه‌گۆڕ و پیرۆزیان داده‌نێت. جه‌وهه‌ری "پیاوسالاری" له
بنه‌ڕه‌تدا ئه‌مه‌یه كه پیاوده‌یهه‌وێت و تێده‌كوشێت به هه‌موو
شێوه‌یه‌ك و له‌وانه به زه‌بری كاریگه‌ری توند وتیژی ژن كۆنترۆڵ
بكات و بیباته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه. شێوه‌ی روانین بۆ ژن
پێوه‌ندی راسته‌وخۆی به جۆری روانین بۆ ده‌سه‌ڵات هه‌یه. به
واتایه‌كی تر جێگه‌و پێگه‌ی ژن له كۆمه‌ڵگادا ره‌نگدانه‌وه و
پێوانه‌یه‌كیشه له راده‌ی دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری
نێوان ژن و پیاو. ده‌توانین بڵێین پیاو و توندوتیژی ئاوه‌ڵدوانه‌ی
یه‌ك نین، به‌ڵكوو ده‌سه‌ڵات و توندوتیژی ته‌واكه‌ری یه‌كترن.
لێدان و ئه‌زییه‌ت و ئازار كه ته‌نانه‌ت زۆر جار ده‌بێته هۆی
گیان له‌ده‌ستدانی ژنان، سه‌رتایی ترین جۆری توندوتیژییه. ئه‌م
دیارده‌یه له وڵاتی بێ‌یاسا و سوننه‌تی و له‌وه خراپتر له
كۆمه‌ڵگا عه‌شایه‌ر‌ییه‌كان دا نه ته‌نها ناپه‌سند نییه و
نادرێته به‌ر لۆمه، به‌ڵكوو وه‌ك پێوانه‌یه‌ك بۆ راگرتنی "رێز" و
گه‌وره‌یی پیاو و به‌ره‌سمی ناسینی راده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌سه‌ر
ژن‌دا ده‌زانرێت. مه‌رج نییه كه توند و تیژی له هه‌مبه‌ر ژنان
به‌رده‌وام به لێدان و زه‌برو زه‌نگی فیزیكی نیشان بدرێت.
زانایانی ده‌روونناسی و پسپۆڕانی ئه‌م بواره له وڵاتانی
پێشكه‌وتوو له ئاكامی لێكولینه‌وه‌كانیاندا به‌وه گه‌یشتوون كه
پیاوان له مه‌ڕ خۆ به باڵاتر زانین وبۆ راگرتنی ئه‌م حاڵه‌ته
رۆحیه له به‌رامبه‌ر ژنه‌كانیاندا شێوه و تكنیكی دیكه‌ش له
هه‌ڵسوكه‌وتی رۆژانه‌دا به كار ده‌هێنن. یه‌كێك له‌وانه
توندوتیژی ده‌روونی و ره‌وانییه. بۆ نموونه گرینگی نه‌دان به
قسه و حزووری ژن له نێو كۆمه‌ڵ دا. كاتێك ژنێك له نێو
كۆمه‌ڵێكدا رشته‌ی كه‌لام به ده‌سته‌وه ده‌گرێت، پیاو بێ‌تاقه‌ت
ده‌بێت و له سه‌ر جێگاكه‌ی ئارام ناگرێت یان له سه‌ر
كورسییه‌كه‌ی جمو‌جوڵ ده‌كات یان ده‌س ده‌كات به خوێندنه‌وه‌ی
نووسراوه‌یه‌ك و ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كات تماشای ژنه‌كه ناكات و
به‌م شێوه‌یه ئه‌و به بچوكتر له‌وه ده‌زانێت كه گوێی بۆ شل
بكات. ژن له‌مه‌دا زۆر هه‌ست به بێقابیل بوون و كه‌م بایه‌خی و
ته‌نانه‌ت نائه‌منی ده‌كات. جارێ وا هه‌یه له جیاتی قسه پێ
وتن و سووكایه‌تی، سكوت و بێده‌نگی وه‌كوو چه‌كێك له لایه‌ن
پیاوه‌وه به كار ده‌بردرێت و كاریگه‌ری ده‌رونی ده‌كاته سه‌ر
ژن. به پێی ئه‌زموونه‌كان پیاوان زۆر جار بۆ به‌دیهێنانی
خواسته‌كانی خۆیان له‌م ئامرازه كه‌ڵكی باشتر وه‌رده‌گرن تا
زه‌برو زه‌نگ. مه‌ته‌ڵه‌ك وتن و نه‌وعێك له لێدوان و قسه كردن
كه ده‌بێته هۆی ئازاری رۆحی و سووكایه‌تی كردن به ژنان یان
گاڵته كردن به ژن له كاتی ئه‌نجامدانی كارێك كه "ژنانه" نییه
وه‌ك كاروباری ته‌كنیكی كه به كارێكی پیاوانه له قه‌ڵه‌م
ده‌درێت. یان شاردنه‌وه‌ی نهێنی و ئه‌سرار له ژن.
بێ‌باوه‌ڕییه‌كی ته‌واو له‌مه‌دا زه‌ق ده‌بێته‌وه. زۆرێك له
پیاوان گرینگ‌ترین بڕیار و ته‌سمیماتی ژیانیان به‌بێ ئاگادار بوونی
ژنه‌كه‌یان عه‌مه‌لی ده‌كه‌ن. سوننه‌تی پیاو مه‌زنی عه‌قڵیه‌تی ژن
به گشتی بۆ بریاردان و حوكم بڕینه‌وه به لاواز و كه‌م و كورت
ده‌زانێ. بڕوا كردن به ژیری و توانایی مێینه له بواری
بڕیارداندا خۆی له خۆیدا زه‌مینه‌یه‌كه بۆ به حیساب هێنانی
توانایی ژن و مه‌جال بۆ ره‌خساندنی بۆ گه‌یشتن به چوارچێوه‌یه‌ك
له ده‌سه‌ڵاتداری. جنیودان، هه‌ڕه‌شه كردن، خستنه ژێر
چاوه‌دێری، بێ‌مبالاتی به هه‌ست و خواستی ژن له هه‌موو
بواره‌كاندا وێڕای بێبه‌ش كردن له ئیمكاناتی ماڵی و ئابووری كه
به ته‌واوی ژن ده‌كاته چاو له‌ده‌ستی پیاو، ده‌بێته هۆی فشاری
رۆحی بۆ ژن. به گشتی كاریگه‌ری توندوتیژی رۆحی قووڵتر و
درێژخایه‌نتره. ده‌ست درێژی جنسی به‌رامبه‌ر به ژنانی كارمه‌ند و
كرێكار له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستان و كارفه‌رماكانه‌وه كه زۆربه‌ی
وه‌خته‌كان له به‌ر مه‌ترسی ده‌ركردن له‌سه‌ر كار و بێكار بوون و
هه‌روه‌ها بێ‌ئابڕوو بوون بێده‌نگی لێده‌كرێت و قه‌ت به‌و
راده‌یه‌ی كه روو ده‌دات ده‌رناكه‌وێت. توندوتیژی جنسی دژ به ژن
زۆربه‌ی جاره‌كان به په‌نامه‌كی و دوور له چاوی ئه‌م و ئه‌و
رووده‌دات. له ده‌ست درێژی جنسیدا شه‌رم ده‌بێته هۆی
شاردنه‌وه‌ی. ئاشكرایه هه‌ل و مه‌رجێكی ئه‌وتۆ دا خۆكوشتن و
خۆسوتاندن وه‌ك رێگایه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له دۆزه‌خێك به نێوی
ژیان كه بۆیان خوڵقاوه په‌نای ده‌برێته‌به‌ر. توندوتیژی سیاسی
له كۆمه‌ڵگادا بنه‌مای هه‌موو توندوتیژیه‌ك پته‌و ده‌كات و
ده‌بێته هۆی نه‌هادینه بوونیان، چونكه ده‌وڵه‌ت له رێگای له
به‌رچاو نه‌گرتنی مافی ژنان له داڕشتنی یاسادا ئه‌سڵی نابه‌رابه‌ر
بوونی مافی ژن و پیاو ده‌كاته قانونی و رێگا بۆ به ده‌سه‌ڵات
نه‌گه‌یشتنی ژنان یان رێگا پێنه‌دانیان له زۆربه‌ری بواره
كومه‌ڵایه‌تی، سیاسی و پیشه‌یی دا خۆش ده‌كات. له‌و چه‌شنه
رژیمانه‌دا داكۆكی كردن و پشتیوانی ده‌رمانی و ده‌روونی
وخزمه‌تگوزاری له‌و كه‌سانه‌ی كه قوربانی توند وتیژین جێگایه‌كی
له پڕۆژه و ئه‌ركه‌كانی حكومه‌تدا به‌رامبه‌ر به شارۆمه‌ندانی
نییه و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی جاره‌كانیش ژنانی زوڵم لێكراو نه‌ك
وه‌كوو قوربانی به‌ڵكو وه‌كو خه‌تابار و تاوانكار ده‌ناسرێن.
داكۆكی نه‌كردن له یه‌كسانی ژن و پیاو له یاسا داناندا وا ده‌كات
كه نێرینه‌ی ماڵ وه‌كوو باوك، برا و مێرد له سایه‌ی ئه‌م بێ
پشتیوانیه‌دا هه‌موو یاسا و نه‌ریتێكی نایه‌كسان و زاڵمانه‌ی نێو
كۆمه‌ڵگا به‌بێ ترس له بنه‌ماڵه‌ی خۆیدا په‌یڕه‌و بكات. ئه‌و
هه‌موو ژن كوشتنه له‌لایه‌ن برا و باوك و مێرده‌وه به ناو دیفاع
له شه‌ره‌ف ونامووس نیشانده‌ری ئه‌م راستییه‌یه و ده‌وڵه‌ت و
فه‌رهه‌نگی پیاوسالارانه پێكه‌وه دیواری زیندانی ژیان بۆ ژنان
به چه‌ند قات به‌رزتر ده‌كه‌نه‌وه. به تایبه‌ت له ئیران، ئه‌و
وڵاته‌ی كه هه‌ڵاواردنی جنسی تێیدا قانوونی كراوه. حیجابی
زۆره‌ملیش، له ریزی توندوتیژی ده‌روونیدایه، به‌ڵام به‌بۆنه‌ی
به یاسایی كردنی له كۆمه‌ڵگای ئێران له ماوه‌ی سێ ده‌یه‌ی
رابردوودا، ده‌چێته خانه‌ی زوڵمی سیاسیشه‌وه. حكومه‌تی ئیسلامی
ئێران به بیانوی حیجابه‌وه به‌رده‌وام و شێلگیرانه ژنانی
داوه‌ته به‌ر په‌لامار وزه‌خت و زۆر، به گۆپاڵی حیجاب
دوژمنایه‌تییه‌كی ساخته‌یی له نێوان ژنی "موسڵمان" و ژنی
"كافر"دا پێكهێناوه و ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری ژنانی له بارودۆخی
ناله‌بار و نامرۆڤانه‌ی داسه‌پاو به سه‌ریاندا، به‌رده‌وام به
چه‌كی "حیجاب" دامركاندووه و به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا جیاوازی
نێوان ژن وپیاو و هه‌ڵاواردنی جینسی له كۆمه‌ڵگادا له هه‌موو
كاتێك زیاتر په‌ره‌پێداوه. ته‌ڵاق نه‌دانی ژن له كاتێكدا كه ژن
خوازیاری ته‌ڵاق سه‌ندنه، فره‌ژنی پیاو ته‌نانه‌ت به‌بێ ئیزنی
ژنی ئه‌وه‌ڵ، نه‌دانی مافی سه‌رپه‌رستی منداڵان به ژن له كاتی
جیابوونه‌وه‌دا، به‌رگری كردن له كاری ژن له ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و
بێده‌سه‌ڵاتی ئابووریش، له ریزی توندوتیژی حقوقی دان. راگرتنی
ده‌سه‌ڵات به بێ توندوتیژی ئه‌ویش له چوارچێوه‌یه‌كدا كه
سنووری بۆ دانه‌نرێت له كۆمه‌ڵگا و له بنه‌ماڵه‌دا، به‌ڕێوه
ناچێت. جۆره‌كانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان هه‌ر وه‌كوو
راده‌ی كاریگه‌رییه‌كه‌ی به‌رفراوان و جۆرواجۆره. توندوتیژی
به‌رامبه‌ر به ژنان گرفتێكه كه له وڵاتانی له حاڵی گه‌شه،
شارستانییه كۆنه‌كان، وڵاتانی دێموكراتیك و وڵاتانی ئێستێبدادی
كه‌م تا زۆر هه‌یه و ته‌نانه‌ت هاوكات له گه‌ڵ قه‌یرانه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی دیكه‌ش وه‌كوو شه‌ڕ، قه‌یرانی ئابووری و
هتد... زیاتر په‌ره ده‌ستێنێت. بۆ ئه‌و ژنانه‌ی كه كچی ماڵن،
خوشكن، هاوسه‌رن، بووكن، هاوسه‌ری پێشوون، هاوژینن، ئاسمانی ئه‌م
زوڵمه هه‌زار وێنه‌یه، هه‌ر یه‌ك ره‌نگه. بێده‌سه‌ڵاتی ماڵی و
ئابووریی ژن بناغه‌ی توندوتیژی پیاو ده‌رحه‌ق به ژنه. به
گوێره‌ی لێكوڵینه‌وه‌كان، سه‌ره‌ڕای ده‌وره‌گه‌لێكی ناوبه‌ناو له
ره‌فتاری سووك و نامرۆڤانه به‌رامبه‌ر به ژنان، ئه‌وان له ساڵی
ئه‌وه‌ڵی هاوسه‌ری، له دوای منداڵ بوون، له كاتی ته‌نگه‌ژه‌ی
ماڵی، له ده‌وره‌ی دووگیانی‌دا و له ته‌مه‌نی میانساڵیدا زۆرتر
تووشی توندوتیژی ده‌بن. به كارهینانی وشه‌ی تاڵ و ناشیرین،
بیانووگرتنی یه‌ك له دوای یه‌ك، ده‌نگ هه‌ڵبڕین و تووڕه‌یی،
ده‌ستووردان و داخوڕین، هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، كوته‌ك و لێدان، پێش
گرتن له سه‌ربه‌خۆیی ئابووری، له خواره‌وه بوونی حه‌قده‌ستی
كاركردنی ژنان له‌چاو حه‌قده‌ستی پیاوان، مه‌جبوور كردن به دیتنی
فیلم و وێنه‌ی دژی ئه‌خلاقی، فره‌ژنی، بێبه‌ش بوون له
سه‌رپه‌رستی منداڵ له‌دوای جیابوونه‌وه‌ی ژن و پیاو، قاچاخی كچان و
ژنان بۆ وڵاتانی دنیا و بازرگانی سێكس، به‌ردباران،سیغه،حیجابی
زۆره‌ملی، به‌حیساب هێنانی ژن به نیوه‌ی پیاو له قه‌زاوه‌ت و
شه‌هاده‌تدا، به‌رگری له خۆێندن و فێربوونی زانست بۆ كچان،
خه‌ته‌نه كردنی كچان، له‌ناوبردنی منداڵی كچ پێش له دایك بوون و
ده‌ستدرێژی جینسی سیستماتیك له كاتی شه‌ڕ و له
به‌ندیخانه‌كاندا، له زومره‌ی وێنه‌كان و شێوه‌كانی توندوتیژی
دژی ژنانن. به‌گۆێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی بازره‌گانی سێكس به ژنان،
بازرگانی سێكس له دوای قاچاخی چه‌ك و ماده سڕكه‌ره‌كان سێهه‌مین
بازرگانی پڕسووده. توندوتیژی ده‌رحه‌ق به ژنان ریشه‌ی له
هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زیدایه. توندوتیژی ناهێڵێت پێناسه‌ی
"پیاوانه" له سایه‌ی زانست و تێگه‌یشتنێكی ئینسانی و
فه‌رهه‌نگێكی ئازادپه‌روه‌رانه‌وه بكه‌وێته به‌ر ره‌خنه‌وه،
مه‌ودا بۆ ژن ناهێڵێته‌وه بۆ فكر كردنه‌وه وده‌ربازبوون، ئاستی
چاوه‌ڕوانی و خواسته‌كانی دێنێته راده‌یه‌كی خواره‌وه تا ئاستی
كۆیله‌یه‌ك، ناهێڵێت مه‌نتقی لاوازی "پیاوسالاری" و زاڵ بوونی
پیاو به هۆی فیزیكی به‌هێزه‌وه بكه‌وێته لاوه و ته‌ریك
ببێته‌وه. "پیاوسالاری" بۆ راگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نیازی به‌م
"هێزی باهۆیه" هه‌یه. سروشتی و ئاسایی بوونی ئه‌سڵی
"ژیرده‌سته‌یی" ژن بوه‌ته باوه‌ڕێكی قووڵ نه‌ك هه‌ر له‌نێو
پیاواندا به‌ڵكوو به‌داخه‌وه له نێو ژنانیشدا. توندوتیژی له
وه‌ها بارودوخێكدایه ده‌وام ده‌هێنێت. پسپۆڕان ده‌ڵێن ئه‌مڕۆ
بنه‌ماڵه پڕمه‌ترسیترین شوێنه بۆ ژن. له وڵاتانێك كه
به‌تایبه‌ت پشتیوانی ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگا له ژن به عورف و به
شه‌رع له پێناوی دامه‌زراندن ودابین كردنی هه‌ڵسوكه‌وتێكی ئینسانی
نێوان دوو لایه‌نی ژن و پیاودا له ئارادا نییه و نه‌سه‌لماوه،
ئه‌م دیارده‌یه و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر نه‌ك ته‌نیا هه‌ر ژن
به‌ڵكوو منداڵ و به‌گشتی بنه‌ماڵه‌ش ده‌ورێكی زۆری هه‌یه.
توندوتیژی له حه‌نای منداڵ له بنه‌ماڵه‌دا له لایه‌ن باوك و
دایكه‌وه به نێوی "ئه‌ده‌ب" و "په‌روه‌رده" قه‌بووڵ كراوه و
سنووریشی بۆ دانه‌نراوه. هه‌ر بۆیه به‌م بیانووه‌وه لێدان له
منداڵ و به‌تایبه‌ت منداڵی كچ ئاساییه و له‌م رێگایه‌وه
توندوتیژی له بنه‌ماڵه‌دا په‌ره پێده‌درێ. له ئاكامدا
نه‌وه‌یه‌كی نه‌خۆش له‌باری ده‌روونی و كومه‌ڵایه‌تیشه‌وه
په‌روه‌رده ده‌كرێت كه تێیدا منداڵی كچ هه‌ر رێڕه‌وی خامۆش و بێ
ته‌وه‌قوعی رێگای دایكیه‌تی و منداڵی كوڕیش هه‌ڵسوكه‌وتی باوكی
ده‌كاته پێوانه و نموونه بۆ هه‌ڵسوكه‌وت له گه‌ڵ شه‌ریكی
ژیانی. ئاماره‌كان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه پانتایی و سنووری
كاریگه‌رییه‌كانی توندوتیژی چوارچێوه‌ی خێزان و بنه‌ماڵه تێپه‌ر
ده‌كات. واته ئه‌وانه‌ی كه زۆرتر ئاسایش و ئه‌منیه‌تی كۆمه‌ڵگایش
ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه كه‌سانێكن كه شاهیدی توندوتیژی له
بنه‌ماڵه‌یاندا بوون له ته‌مه‌نی منداڵی و مێرمنداڵیدا. كه وایه
نائه‌منی له‌نێو بنه‌ماڵه‌دا نائه‌منی كۆمه‌ڵایه‌تیشی
لێده‌كه‌وێته‌وه. كۆمه‌ڵگای سوننه‌تی و ناپێشكه‌وتوو، كێشه‌ی ژن و
منداڵ و به‌گشتی توندوتیژی له بنه‌ماڵه‌دا به كێشه‌یه‌كی خسووسی
ده‌زانێت و ده‌وڵه‌ت و ده‌زگاكانی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا له‌مه‌ڕ
چاره‌سه‌ر كردنی ناكۆكی و توندوتیژی به‌رپرسایه‌تییان نییه.
به‌ڵام كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتوو ئه‌م به‌رپرسایه‌تییه ناخاته سه‌ر
ئه‌ستۆی تاك، به‌ڵكوو ده‌وڵه‌ت به نۆێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا
به پێی یاسا بڕیار ده‌دات. یاسا له‌لایه‌كه‌وه ده‌بێته ژێرخانی
نه‌زم و دادپه‌روه‌ری و له روویه‌كی دیكه‌وه فه‌رهه‌نگی
پێشكه‌وتوو په‌ره پێ‌ده‌دا. چون ته‌نیا یاساش نییه كه كاریگه‌ری
هه‌یه، به‌ڵكوو فه‌رهه‌نگیش ده‌بێ ئاڵوگۆڕی به سه‌ردا بێت.
میدیا ده‌بێ ده‌وری بێلایه‌ن و به ئینسافی هه‌بێت له ناساندنی
رواڵه‌تی زوڵم و زۆردا و له ده‌رخستنی ده‌نگی
ناڕه‌زایه‌تییه‌كاندا. بزووتنه‌وه‌ی ژنان و هه‌موو بزووتنه‌وه
كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و دام وده‌زگاكانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له
كوردستان نیازیان به راشكاوی، لێبڕاوی و شه‌فافیه‌ت له‌م
رێگایه‌دا و له هه‌مان كاتدا "یه‌كبوون و یه‌ك ده‌نگیش" هه‌یه.
نه‌ك هه‌ر ژن كوژی، به‌ڵكوو هه‌موو ئه‌م دیمه‌نانه له
توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژن به هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌ك
ده‌بێ بگۆڕدرێت، چ له باری ئه‌خلاقییه‌وه و چ له رووی
یاساییه‌وه ده‌بێ سزاهه‌ڵگر بێت. توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژن
نابێت بێ‌سزا بمێنیته‌وه.
٭٭٭
پێشره‌و ژماره
٢٧١
|