|
سیاسه‌تی پشتیوانی له سه‌رانی
شه‌پۆلی سه‌وز، مه‌حكوم به شكسته
له‌م رۆژانه دا كه سه‌رانی شه‌پۆلی سه‌وز یه‌ك له دوای یه‌ك له
به‌رانبه‌ر باڵی ده‌سه‌ڵاتدار دا به‌چۆكدا دێن و به‌یانیه‌ی
ته‌سلیم ته‌ڵه‌بانه ده‌رده‌كه‌ن، حیزبه‌كان و هێزه
ناسیونالیسته‌كانی كوردستان ده‌ست له‌ناو ده‌ستی ره‌وتی لیبراڵی
ئێران بۆ په‌یوه‌ست بوون به به‌ره‌ی سازش و ته‌سلیم، خه‌ریكی
كێبركێن.
یه‌كێك له‌مانه راده‌گه‌ێنێت كه بۆ دابین كردنی رێبه‌ریی بۆ
ناره‌زایه‌تیه‌كانی خه‌ڵك ده‌بێت ره‌وتی "موسه‌وی- كه‌روبی" و
ئیسلاح خوازانی حكومه‌تی به‌هێز بكرێن تا له‌و رێگایه‌وه بكرێت
به دێموكراسی و فدرالیسم له ئێران بگه‌ین. یه‌كێكی دیكه به
ئۆلگوو وه‌رگرتن له رێكخراوی دیفاع له مافی مرۆڤی كورد،
ئه‌نیستیتۆی كورد، و كورده‌كانی دانیشتووی تاران و نوێنه‌رانی كورد
له مه‌جلیسی رژیم، بۆ دانی ئیزنی هه‌ڵسوڕانی عه‌له‌نی له‌ژێر
ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی دا ده‌پاڕێته‌وه، ستراتێژی خه‌بات بۆ
رووخاندنی كۆماری ئیسلامی راده‌گرێت و ئاماده‌یی خۆی بۆ وتوێژ
راده‌گه‌ینێت. ره‌وتی په‌راوێز خراوی ناسیونالیسمی كوردیش له‌م
قافڵه‌یه وه‌دوا نه‌كوتوون و داوا له رێبه‌رانی بزوتنه‌وه‌ی
سه‌وز ده‌كه‌ن تا داخوازیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ته‌ئید و پشتیوانی
لێ بكه‌ن و به‌مجۆره به‌ش به حاڵی خۆیان بۆ لابردنی
نیگه‌رانیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان تێبكۆشن.
ئه‌م سیاسه‌تانه كه له‌م رۆژانه دا بوونه‌ته مێحوه‌ری
ته‌بلیغاتی ورد و درشتی ناسیونالیسمی كورد، به ئاشكرا خۆڵ كردنه
چاوی خه‌ڵكی وشیاری كوردستانه. سیاسه‌تی ئه‌م حیزب و ره‌وته
ناسیونالیستانه هه‌ر له ئێستاوه مه‌حكوم به شكسته. ئێمه
هه‌رله ئێستاوه شكستی ئه‌م سیاسه‌تانه راده‌گه‌یه‌نین و ئه‌م
هێزه ناسیونالیستانه‌ش به‌م زووانه شكستی ئه‌م سیاسه‌تانه
ته‌جره‌به ده‌كه‌ن. ئێمه دڵنیاین كه خه‌ڵكی كوردستان به پشت
به‌ستن به وشیاری سیاسی سه‌رچاوه گرتوو له 30 ساڵ خه‌بات له
به‌رابنه‌ر رژیمی ئیسلامی و ته‌جره‌به‌ی سیاسه‌ت و كرده‌وه‌كانی
باڵه جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م رژیمه، فریوی سیاسه‌تی شوێن كه‌وتنی
سه‌رانی شه‌پۆلی سه‌وز ناخۆن. نابێت شعوری سیاسی خه‌ڵكی كوردستان
به كه‌م بگیردرێت.
سیاسه‌تی سازشكارانه‌ی حیزب و ره‌وته ناسیۆنالیسته‌كان له
به‌رانبه‌ر موسه‌وی و كه‌روبی و ئیسلاح خوازانی حكومه‌تی مه‌حكوم
به شكستن، چوونكه سه‌رانی شه‌پۆلی سه‌وز خاوه‌نی كارنامه‌یه‌كی
ره‌ش پڕ له جینایه‌تن و هه‌ر كامه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ
له ته‌واوی جینایه‌ته‌كانی رژیم له دژی خه‌ڵكی ئێران و كوردستان
دا شه‌ریك و به‌شدار بوون. سیاسه‌تی حیزبه ناسیۆنالیسته‌كان
مه‌حكوم به شكسته، له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی ستراتێژی سه‌رانی شه‌پۆلی
سه‌وز، كۆماری ئیسلامی، نه یه‌ك وشه كه‌متر و نه یه‌ك وشه
زیاتره، چوونكه سیاسه‌تی ئه‌مانه زیندوو كردنه‌وه‌ی سه‌رده‌می
ده‌سه‌ڵات داریه‌تی خومینی، ئیسلاحات له چواروچێوه‌ی یاسای
بنه‌ڕه‌تی و پابه‌ند بوون به ئه‌سڵی ویلایه‌تی فه‌قیه.
ئه‌م سیاسه‌تانه مه‌حكوم به شكستن، چوون به نه‌مانی باڵی
ده‌سه‌ڵاتداری كۆماری ئیسلامی، نه موسه‌وی، نه كه‌روبی و نه
هیچكام له باڵه‌كانی ئیسلامی سیاسی، شانسی مانه‌وه له
ده‌سه‌ڵاتی سیاسیان نابێت تا سه‌رانی حیزبه ناسیۆنالیسته‌كانی
كورد له گه‌ڵ ئه‌وان له‌سه‌ر چاره نووسی خه‌ڵك دانوستان و سات و
سه‌ودا بكه‌ن. مێژووی 100 ساڵه‌ی ئێران سه‌لمێنه‌ری ئه‌م
راستییه‌یه. به نه‌مانی كۆماری ئیسلامی، ئه‌رزشی مه‌سره‌فی
ئیسلامی سیاسی بۆ چینی سه‌رمایه‌داری ئێران كۆتایی پێدێت.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاسه‌واری شكستی ئه‌م سیاسه‌تانه هه‌ر له
ئێستاوه ئاشكرا‌و روونه، بۆچی له هه‌ل و مه‌رجێك دا كه سه‌رانی
حه‌ره‌كه‌تی سه‌وز، یه‌ك له دوای یه‌ك به چۆكدا دێن و به‌یانیه‌ی
ته‌سلیم خوازانه ده‌رده‌كه‌ن، ناسیۆنالیسته ورد و درشته‌كان، له
هه‌موو شوێنێك و له‌وانه له كوردستان، بۆ پێوه‌ست بوون به
به‌ره‌ی سازش كه‌وتوونه‌ته كێبڕكێ؟
وڵامی ئه‌م پرسیاره، پێویسته له درێژه و ره‌وتی رادیكاڵ
بوونه‌وه‌ی داخوازی و دروشمی خه‌باتكارانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك دا
بدۆزینه‌وه. ره‌وتێك كه نه ته‌نیا موسه‌وی و كه‌روبی نیگه‌ران
كردووه، به‌ڵكوو هه‌موو هێزه لێبراڵ و ره‌وته ورد و درشته
ناسیۆنالیسته‌كانی كوردوستانیشی تووشی ترس و نیگه‌رانی كردووه.
ئه‌م هێزانه كه ستراتێژه سیاسیه‌كه‌یان به ده‌سته‌وه گرتنی
ده‌سه‌ڵات له‌سه‌روه‌ی خه‌ڵكه، له گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی
نارازایه‌تی جه‌ماوه‌ر و به‌هێز بوونی ئه‌وان له شه‌قام و
كوڵانه‌كان به توندی ده‌ترسن.
ئه‌م هێزانه كه سه‌رده‌مێك هیوایان به خاته‌می به‌ستبوو تا له
رێڕه‌وی به‌ناو دێموكراتیزه كردنی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش دیالۆگ
بكرێت، دواتریش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له چاوه‌ڕوانی ته‌وهومی
لشكركێشی ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران و به‌رێوه چوونی پڕۆژه‌یه‌كی
هاوشێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه له كوردستانی عێراق به‌رێوه چوو،
ساته‌كانیان ده‌ژمارد تا له‌م رێگایه‌وه سه‌همێكیان له
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی پێ ببڕێت، ئێستا و به شكستی یه‌ك له دوای یه‌كی
ئه‌م ستراتێژیانه، ده‌ست به‌داوێن و پابووسی سه‌رانی شه‌پۆلی
سه‌وز بوون. به‌ڵام بێگومان ئه‌م سیاسه‌تانه‌ش له‌گه‌ڵ شكست
به‌ره‌وڕوو ده‌بێت، چوونكه جگه له‌و هۆكارانه‌ی كه پێشتر
ئاماژه‌یان پێكرا، ئه‌م هێزه ناسیۆنالیستانه هیچ نفوز و
ئیعتبارێكیان له‌ناو بزوتنه‌وه رادیكاڵه جه‌ماوه‌ریه‌كان دا
نییه هه‌تا بیكه‌ن به ئامرازی سازش و سات و سه‌ودا له‌گه‌ڵ رژیم
یان باڵێك له كۆماری ئیسلامی.
یه‌كێكی دیكه له هۆكاره‌كانی پشتیوانی حیزب و هێزه
ناسیۆنالیسته‌كانی كوردستان له موسه‌وی و كه‌روبی، نزیكتر
بوونه‌وه و هاوجیهه‌ت بوونی زۆرتر له‌گه‌ڵ هێزه لیبراڵه‌كانی
ئێرانه. ئه‌مان له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری ده‌ور و نه‌خشی لیرباڵه‌كانی
ئێران له ئاڵ و گۆڕه سیاسیه‌كانی دوای كۆماری ئیسلامی و پشتیوانی
هێزه‌كانی رۆژئاوا له‌و ره‌و‌تانه حیسابیان كردۆته‌وه، به‌ڵام
ئه‌وه‌ی كه هه‌رله ئێستاوه روون و ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كه
نزیكایه‌تی و هاوپه‌یمانی حیزبه ناسیۆنالیسته‌كانی كوردستان
له‌گه‌ڵ لیرباڵه‌كانی ئێران هیچ پێوه‌ندیه‌كی به به‌رژه‌وه‌ندی
خه‌باتی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه نییه. واقعیه‌ت ئه‌وه‌یه كه
لیرباڵه‌كانی ئێران به پێداگری بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا له‌سه‌ر پاراستی
یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێران و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی
تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له كوردستان كه
مێژوویه‌كی دیاریكراوی خۆی هه‌یه، مافی بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای خه‌ڵكی
كوردستان بۆ دیاری كردنی چاره‌نوسی خۆیان به ره‌سمییه‌ت ناناسن.
هێزه ناسیۆنالیسته‌كان له كوردستان بۆ پاساو كردنی سیاسه‌تی
سازشكارانه‌ی خۆیان له به‌رانبه‌ر سه‌رانی شه‌پۆلی سه‌وز، هه‌وڵ
ده‌ده‌ن تا سه‌رجه‌م خه‌بات و ناره‌زایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی
ئێران له مانگه‌كانی رابردوو دا بخه‌نه پاڵ شه‌پۆلی سه‌وز به
رێبه‌ری موسه‌وی و كه‌روبی. له حاڵێك دا كه هه‌رله یه‌كه‌م
رۆژه‌كانی دوای كود‌تای هه‌ڵبژاردنه‌وه ئاشكرا بوو كه زۆربه‌ی
هه‌ره زۆری خه‌ڵك ته‌نیا به‌هۆی گوشاری له‌راده به‌ده‌ری بێ مافی
سیاسی، ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی و بێ به‌شی سه‌رچاوه گرتوو له 30
ساڵ ده‌سه‌ڵاتی ره‌شی كۆماری ئیسلامی هاتونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان.
ئه‌گه‌ر موسه‌وی و كه‌روبی و ئیسلاح خوازانی حكومه‌تی به پشت
به‌ستن به ئیمكاناتێكی به‌ربڵاو كه له‌به‌ر ده‌ستیان دا بوو
توانییان بۆ ماوه‌یه‌ك رێبه‌ری ئه‌م حه‌ره‌كه‌ته به ده‌سته‌وه
بگرن، به‌ڵام جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی نارازی به دروشم و داخوازی خۆیان
و به تاكتیكێكی خه‌باتكارانه‌ی كه گرتبوویانه‌به‌ر، زۆر زوو ریزی
خۆیان له‌ڕیزی لایه‌نگرانی ئیسلاح خوازانی حكومه‌تی جیا كرده‌وه.
ئێستا ئه‌و هێزانه‌ی كه دێنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئه‌و دروشمانه
ده‌ده‌ن كه پێكهاته‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌نه ئامانج، هیچ
پێوه‌ندیه‌كیان به شه‌پۆلی سه‌وزی موسه‌وی و كه‌روبیه‌وه نییه.
سه‌رانی حیزبه ناسیۆنالیسته‌كانی كوردستانیش ئه‌مه به‌باشی
ده‌زانن و له راستی دا ترس و نیگه‌رانی له‌م دروشمانه‌یه كه
ئه‌وانی ناچار كردووه ده‌ست به داوێنی سه‌رانی سه‌وز بن.
خه‌ڵكی كوردستان له هه‌ل و مه‌رجی ئێستا دا ده‌بێت به ناسینی
ماهیه‌تی واقیعی سیاسه‌تی حیزب و هێزه ناسیۆنالیسته‌كانی كوردستان
و سه‌ربه‌خۆ له سیاسه‌تی ئه‌م هێزانه، رێگاكانی هاوپشتی و
یه‌كگرتوویی خه‌باتكارانه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران
بدۆزنه‌وه. بزوتنه‌وه‌ی شوڕشگێرانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كه له
ماوه‌ی 3 ده‌یه‌ی رابردوو دا به‌رده‌وام یه‌كێك بووه له كۆڵه‌كه
گرینگه‌كانی خه‌بات له‌گه‌ڵ ته‌واوه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی،
ده‌بێت به به‌شداری و یه‌كگرتوویی خه‌باتكارانه‌ی خۆیان بۆ دابین
كردنی رێبه‌ریه‌كی شوڕشگێڕانه به ئامانجی به‌سه‌ره‌نجام
گه‌یاندنی خه‌بات و ناره‌زایه‌تیه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران،
تێبكوشن.
وتارێك
له ته‌له‌ویزیونی كۆمه‌ڵه
12
رێبه‌ندان
1388
01
فێڤریه
2010
سایتی حزبی
كمونیستی ئێران
http://www.cpiran.org
سایتی
کومه له
http://www.komalah.org
سایتی په‌یام
http://www.payam.nu/indexkurdi.htm
|